توركیا رازی نییە بە كردنەوەی نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە

:: PM:10:10:20/08/2019 ‌

سەرەڕای ئەوەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان چەندین داواكاری توركیای جێبەجێ كردووە لە داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی و رێگریكردن لە چالاكی و جموجوڵەكانی پەكەكە لەناو شارەكاندا، بەڵام هێشتا توركیا رەزامەندی نەداوە بە دووبارە كردنەوەی نوێنەرایەتی یەكێتی لە وڵاتەكەی.

لە مانگی ئابی 2017، توركیا نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانی لە ئەنكەرە داخست كە بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەرایەتی دەكرد و یەكێتی هۆكاری داخستنی نوێنەرایەتییەكەی بۆ شكستی ئۆپراسیۆنێكی دەزگای هەواڵگری توركیای دژی پەكەكە لە سنووری دەسەڵاتی حزبەكە گەڕاندەوە.

محەمەد وەتمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، هیچ گفتوگۆیەك بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە نەكراوە، چونكە تا ئێستە توركیا رەزامەندی لەسەر كردنەوەی  نوێنەرایەتییەكەیان نەداوە.

زیاتر گوتی، هەركات توركیا رەزامەندی نیشان دا بە دووبارە دانانەوە نوێنەرایەتی یەكێتی لە وڵاتەكە، ئەوكات مەكتەبی سیاسی و كاك كۆسرەت بڕیار لە دانانی كەسێك دەدەن بۆ پۆستەكە. رای گەیاند، تا ئێستە نازانین بەهرۆز گەڵاڵی دادەنرێتەوە لەو پۆستە یان نا، ئەوە كاتی خۆی ئاشكرا دەبێت.

لەدوای كاردانەوەكانی توركیا بەرانبەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، گەشتی فڕۆكەوانی توركیا بۆ سلێمانی راگیرا، بە بیانووی ئەوەی یەكێتی پشتیوانی لە پەكەكە دەكات، بەڵام دوای داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازاد لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی و قەدەغەكردنی هەر چالاكییەك پێوەندی بە پەكەكەوە هەبێت، توركیا جارێكی تر گەشتەكانی وڵاتەكەی بە رووی سلێمانیدا كردەوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل