25 هەزار خانوووی زێدەڕۆ لە دهۆک تاپۆ دەكرێن

:: PM:01:22:24/08/2019 ‌

بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی دهۆك ئاشکرای دەکەن، كار لەسەر تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك دەكرێت كە ژمارەیان نزیكەی 25 هەزار خانوو دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، دیار بەحری ڕەسۆل بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، بە مەبەستی خزمەتكردنی خەڵكی پارێزگای دهۆك و بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن خانووی تایبەتی خۆیان، كار لەسەر تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ دەكرێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆکانی هەرێمی كوردستان كراوە و ئەگەر پرۆژەكە سەر بگرێت، ئەوا لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیە نێزیكەی 25 هەزار خانووی زێدەڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك تاپۆ دەكرێن، بەمەش هاووڵاتییان دەتوانن ببنە خاوەن خانووی تایبەتی خۆیان.

"بەشێك لە خانووە زێدەڕۆكانی کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ پێش ساڵی 2000 و بە نووسراوی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاپۆ كراون، لە پەرلەمانی عیراقیش مانگی رابردوو پرۆژە یاسایەك ئامادەكراوە بۆ ئەوەی خانووە زێدەڕۆكان تا ساڵی 2017 تاپۆ بكرێن، بەڵام تا ئێستە روون نەبۆتەوە كە پرۆژەیاساکە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە یاخود نا" دیار بەحری وای گۆت.

لە سنووری پارێزگای دهۆك بەتایبەت سەنتەری شاری دهۆك و زاخۆ و ئاكرێ‌، ژمارەیەكی زۆر خانووی زێدەڕۆ هەن، لە شاری دهۆك زۆربەی خانووە زێدەڕۆکان دەکەونە گەڕەکەکانی بەرۆشكێ‌، گەلی، ماڵتا و...

پارێزگای دهۆك پێكهاتووە لە حەوت شارۆكە و 29 شارەدێ، ژمارەی دانیشتووانی سەروو یەک ملیۆن کەسن و بەسەر نزیکەی750 هەزار خێزاندا دابەش بوون.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - هیدایه‌ت جان