ڕاسپاردەیەكی سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ دەكرێت

:: PM:01:13:20/10/2019 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، هەموو هەوڵێكمان دەدەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز پێشوازی لە ئاوارەكان بكەین، ئەوەیش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەت.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ـی تشرینی یەكەم، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە پەناگەیەكی ئارام دەبێت بۆ پەنابەران و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕای سپاردووین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی پەنابەران بكرێت.

هەوڵ دەدەین بەزووترین كات ئامادەیان بكەین بۆ ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان

وەزیری ناوخۆ گوتی، هەندێك لە كەمپەكان ئێستە كەموكوڕییان تێدایە، بە تایبەت ئەوانەی چۆڵ كراون، بۆیە هەوڵ دەدەین بەزووترین كات ئامادەیان بكەین بۆ ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.

نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەو كۆنگرەیە گوتی، ئێمە زانیاریمان كۆ كردووەتەوە لەسەر ژمارەی ئاوارەكان و بەرپرسانمان ئاگەدار كردووەتەوە لەسەر ئەوەی چۆن باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی پەنابەران بكەین.

نوێنەرەكە گوتی، ئێستە لە كەمپی بەردەڕەش ئاوارەكان نیشتەجێ‌ دەكرێن و خزمەتگوزارییان پێشكەش دەكرێت و پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی ئاوارەكان دەكرێت، بۆیە چەند كەمپێك دروست دەكرێت تا ژیانیان پارێزراو بێت.



وشە - رامیار جەواد