گۆڕان چوار کاندیدی بۆ بریكاری وەزیر دایە ئەنجوومەنی وەزیران

:: PM:02:52:12/11/2019 ‌

بزووتنەوەی گۆڕان دوێنێ بەمەبەستی یەكلایكردنەوەی پۆستی بریكاری وەزیرەكانی پشكی خۆی كۆبوویەوە و ناوەكانی یەكلا كردەوە و رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران كرد. 

ئەمڕۆ سێشەم 12ی تشرینی دووەم، چالاك موهەندیس ئەندامی چڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی را گەیاند، بزوونەوەی گۆڕان پۆستی بریكاری وەزایرەكان یەكلای كردووەتەوە و رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە.

من یەكلایی بوومەتەوە بۆ پۆستی بریكاری وەزیری شارەوانی

زیاتر روونی دەکاتەوە، من یەكلایی بوومەتەوە بۆ پۆستی بریكاری وەزیری شارەوانی، ئەوانی تریش هەر دوێنێ یەكلایی کراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەریەكە لە كامیل قەزاز بۆ بریكاری  وەزیری كارەبا و سیروان عەلی بۆ وەزیری پەروەردە و مستەفا سەلیم بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە یەكلایی بوونەتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەت جێگری سەرۆكی هەرێم و یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری چاكسازی، هەروەها لەگەڵ هەریەك لە وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن،  بازرگانی و پیشەسازی ، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەركەوتووە و لەگەڵ پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆ و شارەوانی و پەروەردە و كارەبا، هەروەها  چەند پۆستێكی تر حكوومی. 





وشە - زریان تەها