پڕۆپۆزڵی زانكۆكان بۆ كردنەوەی ماستەر گەیشتە وەزارەت

:: PM:12:57:09/12/2019 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، پڕۆپۆزڵی سەرجەم زانكۆكان بۆ كردنەوەی خوێندنی ماستەر گەیشتووەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی كانوونی یەكەم، عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پڕۆپۆزڵی سەرجەم زانكۆكان بۆ كردنەوە و دەست پێ‌ كردنی ماستەر گەیشتووەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا.

لەگەڵ وەڵامدانەوەی وەزارەت بۆ پڕۆپۆزڵەكان پێشكەشكردنی قوتابییان دەست پێ‌ دەكات
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، لەگەڵ وەڵامدانەوەی وەزارەت بۆ پڕۆپۆزڵەكان پێشكەشكردنی قوتابییان دەست پێ‌ دەكات و خوێندنی ماستەر بە ڕێنونییە نوێیەكان دەبێت.

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وشە" پێشبینی دەكرێت پێش سەری ساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵامی زانكۆكان بداتەوە و لە مانگی یەك تاقیكردنەوەكان بكرێت و مانگی دوو دەست بكرێت بە كۆرساتی خوێندن.

دوێنێ‌ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بابەتە زانستی و كارگێڕییەكانی سەنتەرەكانی زمان لە وەزارەت خرانە بەر باس و گفتوگۆ، بۆ ئەمەش بڕیاردرا لە ناوەڕاستی ئەو مانگەوە خولەكانی تەواكاری بۆ بەشداربووانی سەنتەرەكانی زمان بكرێتەوە، هەروەها بڕیاریش درا لە ناوەڕاستی ئەو مانگەوە ناونوسین دەست پێ بكات بۆ كردنەوەی خولی فێركاری بەپێی ڕێنوێنییە تازەکانی سەنتەری زمان، كە ئەویش بریتیە لە ئەنجامدانی تاقیكردنەوە و دیاریكردنی ئاست.



وشە - رامیار جەواد