ئەنەكەسە: هەركەسێك توانای هەبێ دەتوانێ بگەڕێتەوە

:: PM:02:28:09/02/2020 ‌

هەفتەی رابردوو مەزڵووم كۆبانی رای گەیاند، بڕیاری ئەنەكەسە بۆ كردنەوەی بارەگاكانی، یەكەم هەنگاوی بنیاتنانی متمانەیە. ئەندامێكی ئەنەكەسەش رای دەگەیەنێت، رێككەوتنی سیاسی بۆ بواری سیاسی و ئابووری و سەربازی نەكراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی شوبات، نەواف رەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) بە "وشە"ی گوت، بە فەرمی هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە نەكراوە، تەنیا بڕیاری ئەنەكەسە بۆ كردنەوەی بارەگاكانە.

ئەنەكەسە دەتوانێ بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت بارەگاكانی خۆی لە سووریا بكاتەوە

روونی كردەوە، هەر كەسێك توانای هەیە لە ڕۆژئاوای كوردستان بارەگا بە كرێ بگرێت، ئەوا دەتوانێ بگەڕێتەوە.  هەروەها چاوه‌رێ ده‌كه‌ین په‌یه‌ده‌ هه‌نگاوی دیكه‌ بنێت بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی زیاتر له‌نێوانمان دروست ببێتەوە له‌وانه، گه‌رانه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌نه‌كه‌سه‌ و دیاری كردنی چاره‌نووسی گیراوه‌كانی ئێمه‌.

ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لە 2011 دامەزرا، هەروەها ئەندامی ئیتیلافی ئۆپۆزیسۆنی سووریایە. پێشمەرگەی ڕۆژ باڵی سەربازیی ئەو هێزەیە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە ڕۆژئاوای كوردستان لە كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو رای گەیاند، ئەنەكەسە دەتوانێ بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت بارەگاكانی خۆی لە سووریا بكاتەوە لە ژێر دەسەڵاتی خۆسەری.

"دانیشتنی فەرمی و رێككەوتنی سیاسی لە نێوان ئەنەكەسە و هەسەدە رووی نەداوە بۆ بەڕێوبەردنی رۆژئاوا لە بواری سیاسی و ئابووری و سەربازی". نەواف رەشید وای گوت.

وشە/ بڵند ئیبراهیم


وشە - زریان تەها