یەكەم ئاماژەی پاشەكشەی كۆرۆنا لە ئیتاڵیا دەركەوت

:: PM:04:58:23/03/2020 ‌

جیا لە هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری و پێكوتەی نەهێشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەموو دنیا چاوەڕوانی كۆتاهاتنی وەرزی ئەوپەڕی ئەكتیڤی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی و بواردان بۆ زانایان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كە رەنگە دوا بكەوێت، دوای ئەوەی كۆرۆنا ئیتاڵیای تەواو شەكەت و بێئومێد كردووە، ئەمڕۆ هەواڵێكی خۆش لەو وڵاتە بڵاو بووەوە.
ژمارەی تووشبووانی نوێ لە سەرچاوەی پەتاكە بۆ نیوە كەمی كردووە
لەدوای چین، ئیتاڵیا خاوەن زیاترین تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنایە و لە ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە یەكەمە، بۆیە بێئومێدیەكی تەواو ئەو وڵاتەی داگرتووە لەبارەی كۆنترۆڵكردنی كە رۆژانە گیانی سەتان دەكێشێت، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە ئەمڕۆ دووشەم ژمارەی تووشبووانی نوێ لە هەرێمی لومپاردیا لە باكوری ئەو وڵاتە بۆ نیوە كەمی كردووە، ئەوەیش بۆ یەكەمجارە لەوەتەی پەتاكە لەو ناوچەیە بڵاو بووەتەوە.

دوێنێ یەكشەم بەرپرسانی ئیتاڵیا رایان گەیاند كە ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 651 حاڵەت زیاتر بووە لە ماوەی تەنیا یەك رۆژدا، بەوەیش ژمارەكە گەیشتبووە 5476 حاڵەتی مردن، واتە 13.5%ی تووشبووان، لەوكاتەی شەمووی رابردوو ژمارەی مردووان 793 حاڵەت بووە، دەزگای پاراستنی هاووڵاتییان لەو وڵاتەیش ئاماژەی كرد كە كۆی تووشبووان لە 53578 حاڵەتەوە بۆ 59138 حاڵەت زیادی كردووە، واتە بە رێژەی 10.% و ئەوەیش كەمترین زیادبوونە لەوەتەی 21ی شوباتی رابردوو لەو وڵاتە تۆمار كراوە.

هەر لە بارەی ئامارەكانەوە دوێنێ یەكشەم 7024 حاڵەتی چاكبوونەوە هەبووە بە بەراورد بە 6072 لە رۆژی شەموو، ئەوە لەوكاتەی بەپێی دوایین ئاماری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا 353266 حاڵەتی تووشبوون و 15408 مردن و 100605 چاكبوونەوە هەیە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل