قایمقامى شارۆكه‌ى قه‌ره‌داغ ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، هاووڵاتیى ناوچه‌كه به‌هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ریكى گاودارى و له‌وه‌ڕگا و گه‌وڕى هه‌یه، پاشه‌ڕۆكه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى نازانستى فڕێداوه و پاشه‌ڕۆكه تێكه‌ڵ به ئاوى چه‌مه‌كه بووه و لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
تێكه‌ڵ به ئاوى چه‌مێك بووه و ڕه‌نگه‌كه‌ى گۆڕاوه
ئه‌مڕۆ هه‌ینى سێى نیسان، ڕه‌ئووف كه‌مال، قایمقامى شارۆكه‌ى قه‌ره‌داغ به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، ئه‌و دوو ڕۆژه‌ى ڕابردوو كه بارانێكى زۆر بارى له سنووره‌كه، هاووڵاتییه‌كى ناوچه‌كه له گوندى دۆڵان كه خه‌ریكى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵه و له‌وه‌ڕگا و گه‌وڕى هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كى نازانستى پاشه‌ڕۆكه‌ى فڕێداوه.
زیاتر گوتى، له ئه‌نجامى ئه‌و فڕێدانه، كه بارانى به‌خوڕ باریووه، ئاوى بارانه‌كه له‌گه‌ڵ پاشه‌ڕۆى ئاژه‌ڵه‌كان تێكه‌ڵ بووه و ڕۆشتووه تێكه‌ڵ به ئاوى چه‌مێك بووه و ڕه‌نگه‌كه‌ى گۆڕاوه.
ڕوونى كرده‌وه، دواى ئه‌وه‌ى ئاگاداركراینه‌وه، تیمێكى پۆلیسمان ڕه‌وانه‌ى شوێنه‌كه كرد و خاوه‌ن له‌وه‌ڕگاكه بانگهێشتى قایمقامیه‌ت كراوه بۆ ئه‌وه به‌شێوه‌ى یاسایى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت.
ئاشكراى كرد، ئه‌و خاوه‌ن ئاژه‌ڵه ده‌بێت پاشه‌ڕۆى ئاژه‌ڵه‌كانى بیرێكى بۆ هه‌ڵكه‌نێت و فڕێى بداته ناو بیره‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى تووشى ئه‌و حاڵه‌ته نه‌بین و هاووڵاتییانى ناوچه‌كه چ دڵنیابنه‌وه له پاكى ئاوى ناوچه‌كه‌یان.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى