حكوومەت سایتێكی ئێرانی بە درۆ خستەوە.. واز لەو دڵرشانە دژی كوردستان بێنن

:: PM:09:20:07/04/2020 ‌
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی سایتێكی ئێرانی دەداتەوە و دەڵێن "ماوەیەكە بە تەواوی فێری درۆهۆنینەوە بوون".

ئەمشەو سێشەم حەوتی نیسان، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەنراوێكدا رای گەیاند، ماوەیەكە سایتی "بولتن نیوز"ـی ئێرانی بەردەوامە لە هۆنینەوەی درۆ و بڵاوكردنەوە بابەتی دڵرەشانە لە دژی هەرێمی كوردستان كە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكیان نییە. دوا بابەتی هەڵبەستراویشیان شرۆڤەیەكە گوایا ئەمەریكا بە هاوكاری سەرۆك بارزانی و سەركردە سوننەكان خەریكی دانانی چەند بنكەیەكی سەربازییە لە هەرێمی كوردستان و ناوچە سوننیەكان.

چەواشەكارییەكانی ئەم جۆرە سایتانەش تەنیا نیازی ئاژاوەگێری و فیتنەیان لە پشتە
"ئێمە لە كاتێكدا سەر لەبەری ئەم راپۆرتە هەڵبەستراوە بەدرۆ دەخەینەوە، داوا لە بەرپرسانی سایتی( بولتن نیوز ) و ئەوانەی لە پشت پەردەشەوە هەڵیاندەسورێنن دەكەین لەم بارودۆخە سەختەی كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جیهان و ناوچەكەی گرتووەتەوە و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە سەختی گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە بووە، بابەتەكانیان زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیریی ناوچەكە بێت" لە روونكردنەوەكەدا وانووسراوە.

هەروەك ئاماژە بەوە كراوە كە عێراق وڵاتێكی سەربەخۆیە و بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی بڕیار دەدات و پێویستی بەوە نییە خەڵكێك لە دەرەوەی سنوورەوە بەپێی ویستی خۆی ئاراستەی بكات . بوونی ھێزی ھاوپەیمان لە عێراق لە چوارچێوەی رێككەوتن و لێكتێگەیشتنەكانی حكومەتی فیدرال و ھێزی ھاوپەیمانان بووە. بۆیە چەواشەكارییەكانی ئەم جۆرە سایتانەش تەنیا نیازی ئاژاوەگێری و فیتنەیان لە پشتە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم