سەرۆكی هەرێم پشتیوانی بۆ كاندیدێكی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند

:: PM:04:12:08/04/2020 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا داوای پێكهێنانی خێرای حكوومەتی نوێی عێراق كرد و پشتیوانی خۆی بۆ كاندیدێكی شیعە دووپات كردەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی داوە، ئەم دۆخە سەخت و دژوارەی وڵاتە ئازیزەكەمانی پێدا تێدەپەڕێ، لە هەموومان دەخوازێ ناكۆكییەكانمان بەلاوە بنێین، هەرچی زووترە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای سازانێكی ڕاستەقینە ڕێكبكەوین كە سەقامگیری و بەتوانایی حكوومەتەكە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا مسۆگەر بكات. گرنگترین ئەركیشی لەم قۆناغەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و تەنگژانەیە كە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.

پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە پشتیوانیی هەموو لایەنە نیشتمانییەكان زۆر بە پێویست دەزانێ
زیاتر روونی دەكاتەوە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی باوەڕی بە سەقامگیریی سیاسی و تەناهی عێراق و ئامادەیی بۆ كاری رژد لەو پێناوەدا، پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە پشتیوانیی هەموو لایەنە نیشتمانییەكان زۆر بە پێویست دەزانێ.

سەرۆكی هەرێم دووپاتی دەكاتەوە، لەو پێودانگەوە پێشوازی لە كاندیدكردنی مستەفا كازمی دەكەین بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە. داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین پشتیوانی بكەن تا بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكوومەت تەواو بكات.



وشە - هیدایه‌ت جان