ژمارەیەك هاووڵاتی لە ئەڵمانیاوە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان

:: AM:11:02:16/04/2020 ‌
ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئەڵمانیاوە گەڕێنرانەوە هەرێم كە بەهۆی وەستانی گەشتەكان گیریان خواردبوو.

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا گیریان خواردبوو، بۆ وڵات گەڕێنرانەوە
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی نیسان، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەڕێمی كوردستان، 107 هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا گیریان خواردبوو، بۆ وڵات گەڕێنرانەوە.

ڕوون كراوەتەوە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان بە هاوئاهەنگیی نێوان فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بووە.

باس لەوەش كراوە، ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی كوردستان شەوی ڕابردوو گەیشتنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بەهۆی ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ماوەی 14 ڕۆژ كەرەنتین دەكرێن.

دوێنێ‌ جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندبوو، لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 157 هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان، لە عەمانی پایتەختی ئوردن گیریان خواردبوو، بۆ هەرێمی كوردستان گەڕێنرانەوە.



وشە - رامیار جەواد