ژووری ئۆپراسیۆنی ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لە ئیدارەی گەرمیان، چەند بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەیەکی نوێی دەركرد بۆ کارئاسانی هاووڵاتییان و كاسبكارانى سنوورەكە.
لەنێوان شارۆكه و شاره‌دێیه‌کانی ناوخۆی گەرمیان و دەرەوەی گەرمیان قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام دەبێت
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى نیسان، لە نوسراوێکی ژووری ئۆپراسیۆنی ئیدارەی گەرمیاندا کە وێنەیەکی دەست "وشه" کەوتووە تێدا هاتووە، "قەدەغەی هاتوچۆکردن بە ئۆتۆمبێڵ و پیادە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناخۆ جێبەجێدەکرێن و هاتوچۆکردن لە سه‌عات 6ى ئێوارە تا 12ى شەو دەبێت. هاوكات لەنێوان شارۆكه و شاره‌دێیه‌کانی ناوخۆی گەرمیان و دەرەوەی گەرمیان قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام دەبێت."
زیاتر هاتووه، "پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنمایەکانی ئیدارەی گەرمیان و قائمقامیەت بن و ڕێنماییەکان جێبەجێبکەن، لەکاتی کردنەوەی شوێنەکاندا هەركەس رێنماییەكان جێبەجێ نەكات سزادەدرێت، هەروەها کردنەوەی بازاڕ بەڕووی هاووڵاتییاندا و ناوچەی پیشەسازی و هاوشێوەكانی لە سه‌عات 6ی بەیانی بۆ 6ی ئێوارە دەبێت".
لەبڕیارە نوێیەكاندا، کافتریا، مەلەوانگە، چایخانە، پارکەکان، شوێنە گشتییەکان بەداخراوی دەمێنێننەوە و ڕێ بە هاتوچۆی هێڵی پاس و مینی پاسەکان نادرێت، هاوكات دەسەڵات دەدرێتە قائمقامی شارۆكه‌كان شوێنەكانیان ڕێكبخەنەوە.
به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ راگه‌یه‌نراوه و دوێنی له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دووپات كرایه‌وه كه ره‌چاوی ژیانی خه‌ڵك ده‌كری و بارگرانی سه‌رشانیان سووك ده‌كرێ.