ناوچە كێشەلەسەرەكان.. داعش لە مانگێكدا 40 كردەی تیرۆریستی ئەنجام داوە

:: PM:10:09:19/04/2020 ‌

ماوەی مانگێكە قەدەغەی هاتوچۆ لە زۆرینەی ناوچەكانی عێراق راگەیەنراوە و رێكاری توند بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا گیراوەتە بەر، بەڵام چەكدارانی داعش لە سنووری شارۆكەكانی خورماتوو و داقووق و و دوبز و پارێزگای كەركووك، لەو ماوەیەدا 40 كردەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە.
هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی ناتوانن پارێزگاری لە ناوچە كوردستانییەكان بكەن
هیوا رەشید، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی ئەم مانگەدا، كردە تیرۆریستییەكانی داعش نەك هەر زیادی كردووە، تەنانەت هەندێكجار بەتایبەت لە شەوان، هاتوونەتە گوندە كوردنشینەكانی سنووری داقووق و هاووڵاتییان بە چاوی خۆیان ئەو چەكدارنەیان لە پەنجەرەوەی ماڵەكانیانەوە بینیوە، بەڵام بە چەكی خۆیان پارێزگاریان لە خۆیان كردووە.

زیاتر گوتی، ئەوەیش دەرخەری ئەو راستیەیە كە هێزە تەناهییەكانی عێراق و میلشیاكانی حەشدی شەعبی، ناتوانن پارێزگاری لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و كەركووك بكەن.

بەپێی ئامارێكی پۆلیسی خورماتوو كە دەست "وشە" كەوتووە، لە ماوەی مانگێكدا كە لە 19ی ئازاری 2020 وە رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا گیراوەتە بەر، تا ئەمڕۆ 19ی نیسان، لە سنووری خورماتوو تا دوبز، داعش  40 كردەی تیرۆریستی ئەنجام داوە.

 عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە كە داعش بەشێكی زۆر لە كردە تیرۆریستییەكانی، كە زیاتر خۆی لە هێرشی چەكداریدا دەبینێتەوە، بە شەوان ئەنجامی دەدا، زیاتر گوتی، گەورەترین پلانی داعش لە ماوەی رێكارەكانی پەتای كۆرۆنا لێدانی توونێل بوو لە سنووری شارۆكەی دوبز، كە بەهۆیەوە ئەفسەرێك و دوو پۆلیسیان رفاند و پاشتر گولەبارانیان كردن.

 عەقید مەریوان محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دوبز، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، هێشتا هیچ كەسێك لە سنووری دوبز دانی بە هاوكاریكردنی تیرۆریستانی داعش نەناوە، هەرچەند دووپات لەوە دەكرێتەوە كە لەناو دوبز هاوكاری كرابن.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل