وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: خاوەنكارەكان ده‌بێت پابەندی یاسا بن و مووچەی كرێكارەكانیان بدەن

:: AM:09:45:01/05/2020 ‌
لە پەیامێكدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی كرێكارانەوە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕای دەگەیەنێت، "داواكارین خاوەنكارەكان پابەندی یاسا بەركارەكان بن و موچەی كرێكارەكانیان بدەن".

لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا هەوڵی ڕژدمان دەبێت بۆ دابینكردنی زۆرترین مافی كرێكاران
ئه‌مڕۆ هه‌ینى یه‌كى ئایار، كوێستان محەمەد لە ڕاگەیەندراوێكدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی كرێكارانەوە ڕای گەیاند، "پەیمان بە سەرجەم كرێكارانی كوردستان دەدەین كە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا هەوڵی ڕژدمان دەبێت بۆ دابینكردنی زۆرترین مافی كرێكاران و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەرجەم كرێكاران".

ڕوونى كردووه‌ته‌وه‌، "داوا كارین لە كۆمپانیا و خاوەن كارەكان و كارگە ئەهلییەكان كە بە جوانترین شێوە مافی كرێكاران دەستەبەر بكەن، چاكترین خزمەتیان پێشكەش بكەن و ڕەچاوی ئەو بارە نا هەموارەی هەرێمی كوردستان بكەن، وەك ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی."

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕای گەیاندووە، "لەم كابینەیەدا ڕەشنوسی یاسای كارمان ئامادەكردووە، ئێسته‌ لە ئەنجوومەنی شورایە، تا ببێتە زامنی پاراستن و فراوانكردنی مافی كرێكاران، لە چوارچێوەی یاسا بۆ ئەوەی هەمیشە بەردەوامیەتی مافەكان هەبێت."

ساڵانە هەزاران كرێكار لە یەكی ئایاردا پشوو وەردەگرن و ئەو رۆژە بووە بە رۆژی جیهانی كرێكاران و لە زۆر لە وڵاتان یادەكە دەكرێتەوە، بۆ یەكەمجار لە دنیادا لە 21ی نیسانی 1856 لە ئوسترالیا بە رۆژی كرێكاران دەستنیشان كرا و دواتریش بە وڵاتان بڵاو بووەوە.


وشە - محەمەد میران