سەرۆکی ھەرێم پشتیوانی کرێکاران دەکات

:: AM:10:00:01/05/2020 ‌
لە پەیامێكدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی كرێكارانەوە، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕاى گه‌یاندووه‌، پشتیوانی لە ماف و داوا یاسایی و سەندیكاییە ڕەواكانی كرێكاران دەكەین.

كرێكارانی كوردستان بازووی ماندونەناس و كاران و ڕۆڵێكی دیارى بنیادنەرانە لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا ده‌گێڕن
ئه‌مڕۆ هه‌ینى یه‌كى ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ڕای گەیاندووە، "ته‌واوى پشتیوانیی خۆمان بۆ ماف و داوا یاسایی و سەندیكایییە ڕەواكانیان، گوزەرانی شایستە و هەلومەرجی لەباری كاركردنی كرێكاران و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو چینە زەحمەتكێشە و تەواوی خەڵكی كوردستان، دوپاتدەكەینەوە."

"كرێكارانی كوردستان بازووی ماندونەناس و كاران و ڕۆڵێكی دیارى بنیادنەرانە لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا ده‌گێڕن كه‌ هەمیشە بەرچاو و جێی ڕێز و پێزانینە."سەرۆكی هەرێمی كوردستان وا ده‌ڵێ.

زیاتر هاتووه‌، "گەرمترین پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان، هەروەها پیرۆزبایی لە تێكڕای كرێكارانی عێراق و جیهان به‌گشتى دەكەم."

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "هیوادارین وڵاتەكەمان و دنیا هەرچی زووترە لە قەیران و كێشه‌كانى ده‌رهاویشته‌ى په‌تاى كۆرۆنا دەرباز ببن كە بەداخەوە كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ژیانی هەمووان و بەتایبەتى كرێكاران و ڕەنجدەران دروست كردووە، بەو ئومێدەی ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی باشتردا ئەم یادە بكەینەوە."

ساڵانە هەزاران كرێكار لە یەكی ئایاردا پشوو وەردەگرن و ئەو رۆژە بووە بە رۆژی جیهانی كرێكاران و لە زۆر لە وڵاتان یادەكە دەكرێتەوە، بۆ یەكەمجار لە دنیادا لە 21ی نیسانی 1856 لە ئوسترالیا بە رۆژی كرێكاران دەستنیشان كرا و دواتریش بە وڵاتان بڵاو بووەوە.


وشە - محەمەد میران