بەهۆی ئەو باران و تەرزەی دوو ڕۆژی ڕابردوو کە لە هەرێمی کوردستان و سنووری پارێزگای سلێمانی باریووە، بەهۆیەوە زیانی بە جووتیاران و باخەوانەکان گەیاندووە و ئەوەیش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمیان.
دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمیان
ئەمڕۆ هەینی یەکی ئایار، عەبدلکەریم عارف، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو تەرزە و بارانەی کە چەند ڕۆژێکە دەبارێت و ناوچەکانی گرتووەتەوە، کاریگەرى خراپی لەسەر داری میوەکان هەیە، چونکە ئێسته وەرزی نشونماکردنی میوەکان و چرۆ و گوڵ دەکەن و ئەو باران و بەتایبەت تەرزە زیانی زۆری هەیە.
زیاتر گوتى، تەرزە وادەکات ئێسته کە دار میووەکان بەریان گرتووە و لە وەرزی خۆیاندان، بەهۆتەوە دەکەونە خوارەوە و زیانێکی زۆری دەبێت، ئەمەیش وا دەکات لە داهاتوودا بەرهەمیان کەمبێتەوە.
ڕوونى كردهوه، "تەرزەو باران لە ئێسته زیاتر زیانی هەیە وەک سوود، هەروەها تەرزە ئێسته کە دەبارێت زیان بەر کشتوکاڵ و بەرهەمی دانەوێڵەیش دەگەیەنێت، ئێسته کە بەرزبوونەتەوە گەنم و دانەوێلە کاتێ تەرزە لێی دەدات دەیخاتە عەرز.
باسی لەوەیشکرد، ئەویش ئێسته وەرزی گوڵکردنیانە و بەهۆیەوە گوڵەکە دەکەوێتە سەر زەوی و لەگەڵ قوڕ تێکەڵ دەبێت و ناتوانێت هەستێتەوە و لە ئەنجامدا بەرهەمی کەمدەکات.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی