میسال ئالووسی: بەرژەوەندی عێراق پێویست بە بوونی ئەمەریكی و نێودەوڵەتی دەكات

:: PM:10:19:11/05/2020 ‌

بڕیارە لە مانگی داهاتوو گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، شارەزایان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەشێكیان باسی پاشكەزبوونەوەی هێزەكانی داوای دەركردنی ئەمەریكا دەكەن و دەشڵێن كازمی رژد نییە لەو بابەتە، سیاسەتوانێكی دێرینی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەوە ویستێكی ئێرانییە و لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە.  
دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا واتە رادەستكردنی عێراق بۆ ئێران
میسال ئالووسی، ئەمینداری گشتی پارتی ئومەی عێراقی بۆ "وشە"، گوتی، چەند سەركردەیەكی ریزی پێشەوەی هێزە سیاسییەكانی عێراق، لە رێگەی نامەوە بە ئەمەریكییەكانیان راگەیاندووە، ئەوەی روو دەدات و چەند میلیشیایەك و هێزێكی سیاسی بە دووبارەكردنەوەی بۆچوونەكانی ئێران داوای دەكەن، سەبارەت بە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بەرجەستەی بۆچوونی ئەوان ناكات. 

زیاتر گوتی، كەسێكی عاقڵ نییە كە بیر لە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بكاتەوە، چونكە ئێمە هێزی سەربازی فەرمیمان نییە بتوانێت رووبەڕووی رێكخراوی داعش ببێتەوە، بەڵگەیش داعش رۆیشت و هاتەوە، جیا لە بوونی باندەكانی مافیا و مادەی هۆشبەر و هیتریش، ئێمە پێویستیمان بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە،  بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەر رووداوێكی كتوپڕ و نەخوازراو لە عێراق رووبدات.

"ئەوانەی داوای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن، داوای رادەستكردنی عێراق بۆ ئێران دەكەن، دەیانەوێ عێراق رادەستی باندەكانی مادەی هۆشبەر بكەن، بوونی ئەمەریكا لە عێراق پاڵپشتە بۆ دەوڵەت و سەروەریەكەی، كەچی نەبوونی ئەمەریكا عێراق دەكاتە گۆڕەپان بۆ ئێران و حزبوڵا و داعش و قاعیدە و میلیشیاكان، بۆیە بەرژەوەندی عێراق پێویست بە بوونی عێراق لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەكات، بوونی ئەمەریكا و نێودەوڵەتی لە عێراق، مانای بەردەوامبوونی گرنگیدانی ئەوانە بە پەرەپێدانی عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری و پەروەردەییەوە، ئاڵووسی وای گوت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل