سەرجەم نەخۆشخانەكانی سلێمانی پڕ دەبێت لە تووشبووی كۆرۆنا

:: AM:08:20:04/06/2020 ‌
بەهۆی زۆری ڕێژەی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری سلێمانی، پێشبینی دەكرێت تا سەرەتای مانگی تەمووز هیچ نەخۆشخانەیەك شوێنی نەخۆشی تێدا نەمێنێتەوە و هەموو قەرەوێلەكان پڕ ببێت لە نەخۆش.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، هەردی محەمەد پزیشكی هەناسە و سییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێویستە خەڵكی ئەو مەترسییەی لەبەرچاو بێت توانای تەندروستی هەرێمی كوردستان سنووردارە و ناتوانرێت بەلێشاو هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان وەربگیرێن.

جێگەی نیگەرانییە ڕۆژانە 30 بۆ 40 تووشبوو لە هەر شارێكی هەرێمی كوردستان ببرێن بۆ نەخۆشخانە
ئەو پزیشكە گوتی، جێگەی نیگەرانییە ڕۆژانە 30 بۆ 40 تووشبوو لە هەر شارێكی هەرێمی كوردستان ببرێن بۆ نەخۆشخانە ئەوە مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و دەبێت هاووڵاتییان هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن.

باسی لەوەشكرد، ژمارەی تووشبووان بۆ نموونە لە سلێمانی بگاتە دوو هەزار تووشبوو ئەوا هیچ شوێنێك نامێنێتەوە بۆ تووشبووان و دەبێت لە ماڵەوە لەناو منداڵەكانیان بمێننەوە و ڕەنگە ببنە مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەوانیش، چونكە ئەو ڕێژە تووشبوونە پێمان دەڵێت سەرەتای مانگی تەمووز شوێنێك لە نەخۆشخانە بۆ تووشبووان نامێنێتەوە.

یاد نەقشبەندی گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیوویەتی، ئێستە نەخۆشخانەكان لە لێواری پربووندایە و ڕۆژانە تووشبووی نوێ‌ بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێنەوە.



وشە - رامیار جەواد