لیژنەیەكی عێراق بۆ نیسكی ناو گەنمی جووتیاران دێتە هەرێمی كوردستان

:: AM:11:09:06/06/2020 ‌
ئەندامێكی كۆمەڵەی جووتیارانی سنووری ناوچە كوردستانییەكان ڕای دەگەیەنێت، ڕۆژانە دەیان تۆن گەنم لە جووتیاران وەرناگیرێت بەهۆی بوونی نیسك لەناویدا، لیژنەیەكی كشتوكاڵی عێراق بۆ ئەو پرسە سەردانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان بكات.

ئەمڕۆ شەموو شەشی حوزەیران، ئارام محەمەد ئەندامی كۆمەڵەی جووتیارانی سنووری ناوچە كوردستانییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دەست بە وەرگرتنی گەنم لە ناوچە كوردستانییەكان كراوە و ڕێژەی وەرگرتنەكەش بۆ سایلۆكان نەهاتووە.

ڕۆژانە دەیان ترێلە و تۆن گەنم ڕەت دەكرێنەوە و گەنمەكە لە جووتیاران وەرناگیرێت
ڕوونی كردەوە، كێشەیەك بەرۆكی جووتیارانی سنووری مەخموور و قەراج و مەلاقەرە و چەند ناوچەیەكی ئەو شوێنەی گرتووە، ئەویش بریتییە لە بوونی نیسكێكی زۆر لەناو گەنمەكە كە بەهۆیەوە ڕۆژانە دەیان ترێلە و تۆن گەنم ڕەت دەكرێنەوە و گەنمەكە لە جووتیاران وەرناگیرێت.

باسی لەوەش كرد، پێوەندیمان بە بەرپرسانی عێراق كردووە و بریارە ڕۆژی سێشەم لیژنەیەكی تایبەتی عێراق بۆ بوونی نیسك لەناو گەنمی جووتیاران بێت و ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە تا هۆكاری بوونی نیسكێكی زۆر لەناو گەنم بزانن.

بڕیار بوو لە یەكی حوزەیران دەست بكرێت بە وەرگرتنی گەنم لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، بەهۆی نەبوونی ڕێنوێنی لەلایەن عێراق، تا ئێستە ئەو پرۆسەیە بە تەواوەتی دەستی پێ‌ نەكردووە.



وشە - رامیار جەواد