"دەكرا پارەی سپۆنسەركردنی پەیجە ساختەكانی لاهور بدرایە بە هەژاران"

:: PM:09:52:06/06/2020 ‌

تا دێت كاردانەوەكان لەسەر داخستنی پەیجە ساختەكانی لاهور جەنگی لەلایەن كۆمپانیای فەیسبووك زیاتر دەبێت و پەرلەمانتارێكیش ئاماژە دەكات، دەكرا پارەی سپۆنسەركردنی ئەو پۆستانە بدرایە بە كەسانی هەژار و كەمدەرامەت یان رێگەیەكی پێ نۆژەن بكرایاتەوە.
دەكرا لە خزمەتی خەڵكی سلێمانی خەرج بكرایە
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ شەموو 6ی حوزەیران، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پارە زۆرەی كە لە سپۆنسەركردنی پەیجی ساختە و دژایەتی پارتی و حكوومەتی هەرێم و كەسایەتییەكان لەلایەن گرووپێكی ناو یەكێتییەوە بەكار خراوە، دەكرا لە خزمەتی خەڵكی نەدار و هەژاری سلێمانی خەرج بكرایە.

زیاتر گوتی، ئەو گرووپەی ناو یەكێتی كە دەزگەی هەواڵگریی لەژێر ركێفدایە و لە رێگەی ئەو پەیجە ساختانەوە ململانێی سیاسییان لە هەرێم قووڵ كردوەتەوە، دەبوو بیریان لەوە بكردایەتەوە كە خەڵكی ناوچەكە ڕۆژانە بەدەست كەمی خزمەتگوزارییەكانەوە دەڕژێنە سەر شەقام و داوای چاككردنی خزمەتگوزارییەكان، بۆ خزمەتی ئەوان خەرجیان بكردایە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی كرد، دەكرێ خەڵك بپرسن ئەو پارەیە لەكوێوە هاتووە؟، بۆچی لە چاككردنی ڕێگەوبانێك خەرج نەكرا؟، یان بدرایە بە هەژاران.

لای خۆیەوە نەزاكەت سەعید، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە ئەوروپا بەهۆی دابڕانی كۆمەڵایەتییەوە، فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێوەندی تاكەكانی پتەوكردەوە، هەروەك ئەوان توانیان لە هەرسێ بواری زانستی و كۆمەڵایەتی و بازرگانی، بەكاری بێنن.

روونی كردەوە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سۆشیال میدیا خزایە ناو كایە سیاسییەكەیەوە و لەلایەن حزب و گرووپەكانەوە دژی یەكتری بەكاریان هێنا، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆمەڵگەیەكی سیاسییە و لەو ڕووەوە زووتر كاریگەری دروست كرد.

ئەو مامۆستای زانكۆیە دووپاتی كردەوە، سۆشیال میدیا لە میسر بەهاری عەرەبی بەرهەم هێنا، لە زۆربەی وڵاتانیش نەتوانرا وەك تۆڕێكی كۆمەڵایەتی سوودی لێ ببیندرێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل