بەغدا جووتیارانی هەرێم توشی کێشە دەکات

:: PM:06:39:19/06/2020 ‌
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، بۆ هەر دۆنمێک زەوی چێندراو بە گەنم، بڕی 92 کیلۆ گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت و ئەوەش جووتیاران توشی زیان دەکات.

ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیران، کاسترۆ مەعرووف، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کە ئێسته‌ دەستی پێکردووە، جیاواز لە جووتیارانی بەغدا، جووتیارانی هەرێم زوڵمیان بەرانبەر دەکرێت لە لایەن بەغداوە.

زیاتر گوتى، جووتیارانی بەغدا تەواوی گەنمەکەیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام جووتیارانی هەرێم بە پسوڵەیەک کە بۆیان دیاریکراوە بۆ هەر دۆنمێک زەوی چێندراو بە گەنم بڕی 92 کیلۆ گەنمیان لێ وەردەگیرێت، ئەوەیش زوڵم و ناهەقییە بەرانبەر جووتیاران.

ڕوونى كرده‌وه‌، ئەمە وا دەکات کە جووتیاری کورد سەرەڕای هیلاکی و ماندوبوونی یەک ساڵ و خەرجی و دەردەسەری تا پێگەشتنی گەنمەکەی، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو بڕەی کە دەمێنێتەوە لە بازاڕ بە زیان بیفڕۆشێتەوە.

ئاشكراى كرد، ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ جووتیاری کورد وادەکات لە ساڵانی داهاتوو کەمتر گرنگی بدرێت بە چاندنی گەنم و  کەرتی کشتوکاڵ بەرەو داڕمان دەڕوات، تەنانەت کرێی ماندوبوونەکەشیان بۆ دەرناهێنێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران