هه‌رچه‌نده تا ئێسته به‌فه‌رمی هیچ بڕیارێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی شارستانیی عێراقی له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته گه‌شتیارییه‌كان ده‌رنه‌چووه، به‌ڵام به‌غدا ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان ده‌ست پێ كردووه.
گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌ی كارگۆ و گه‌شتی تایبه‌ت (VIP)، گه‌شتی هاوكاری مرۆیی، گه‌شتی سه‌ربازی و ته‌ندروستی ئێسته ڕێپێدراون
ئه‌مڕۆ شه‌موو 20ی حوزه‌یران، ئه‌ندازیار عه‌لی محه‌مه‌د ته‌قی به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ماوه‌ی 24 سه‌عاته ده‌ستمان كردووه به ئاماده‌كاری بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان، ئه‌گه‌رچی به گوێره‌ی ڕێنوێنییه‌كان گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌ی كارگۆ و گه‌شتی تایبه‌ت (VIP)، گه‌شتی هاوكاری مرۆیی، گه‌شتی سه‌ربازی و ته‌ندروستی ئێسته ڕێپێدراون.
زیاتر گوتی، "ئێمه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان به‌گوێره‌ی ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا گه‌شته‌كان ئه‌گه‌ر ڕێی پێ درا، ده‌ست پێ بكاته‌وه، ئێمه ئاماده‌كاریمان كردووه".
ڕوونی كرده‌وه، "به‌پێی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی شارستانیی عێراق، ئێسته ته‌نیا گه‌شته گه‌شتیارییه‌كان ڕاگیراون، بڕیاری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شتی فڕۆكه‌خانه‌كان له عێراق به ژماره‌یه‌ك رێكاردا ده‌ڕوات و ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی شارستانیدا نه‌ماوه، رێكاره‌كانیش به‌پێی ڕێنوێنی و تێبینییه‌كانی ڕاپۆرتی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوخۆ بۆ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، دوای ئه‌وه وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق پێشنیازه‌كان بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌رز ده‌كاته‌وه، به‌گوێره‌ی دۆخی ته‌ندروستیش حكوومه‌ت رێنوێنیی ده‌داته ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی شارستانی."
لای خۆیه‌وه هۆشه‌نگ میرزا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئێمه ئاگادارین كه ده‌سه‌ڵاته‌كان ئێسته به‌ته‌نیا به‌ده‌ستی فڕۆكه‌وانی شارستانی نه‌ماوه، به‌ڵكو لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه و كاره‌كان دراوه‌ته ده‌ست وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی عێراقی".
زیاتر گوتی، ئێمه وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئێسته ته‌واوی ئاماده‌ییمان هه‌یه و چاوه‌ڕێی فه‌رمانی فه‌رمی ئه‌وان ده‌كه‌ین بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی گه‌شتی گه‌شتیاری، ئه‌گه‌ر نا گه‌شته‌كانی تر له هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ڕێنوێنییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه و ڕێكاری ته‌ندروستی گیراوه‌ته‌به‌ر.
ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقی، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا، سه‌رجه‌م گه‌شته‌كانی بۆ ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عێراق وه‌ستاندووه، له فڕۆكه‌خانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌مه‌یش بۆ به‌رگه‌گرتنی له هاتنه ناوه‌وه‌ی كه‌سانی بیانی بۆ وڵات و زیاتر بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه، له ڕۆژی 17ی ئاداره‌وه تا ئێسته فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان و عێراق داخراون، ڕاگرتنی گه‌شته‌كان ته‌نیا گه‌شتی دیپلۆماسی و ته‌ندروستی و كاگۆ ناگرێته‌وه.