وەزارەتی تەندروستی هەرێم 266 تووشبووی نوێی بە كۆرۆنا راگەیاند

:: PM:10:04:20/06/2020 ‌

تا ئێستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا روو لە زیادبوونە و ئاماری قوربانیان روو لە هەڵكشانە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم كە راشكاوانە ئەنجامەكان رادەگەیەنێت، لە دوایین ئاماردا لە 24 سەعاتی رابردوو 266 تووشبوونی نوێ و نۆ حاڵەتی مردن هەبووە.
ئاماری گشتیی تووشبوون بریتییە لە 3539 حاڵەت
وەك لە دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی هەرێم هاتووە، لە 24 سەعاتی رابردوودا 44 هاووڵاتی كەرەنتین كراون، بەوەیش ژمارەی ئەوانەی لە كەرەنتینن گەیشتە 1013 كەس، لە 24 سەعاتی رابردوویش 1651 پشكنین ئەنجام دراوە و 266 تووشبووی نوێ تۆمار كراوە كە 19ی لە هەولێر و 196 لە سلێمانی و 38 لە گەرمیان و چوار لە راپەڕین و دوو لە دهۆك و حەوت لە هەڵەبجەن. 

هەر لەو راگەیاندنە هاتووە، 39 چاكبوونەوە هەبووە، 23 لە هەولێر و چوار لە گەرمیان و 12 لە دهۆك، جیا لە نۆ حاڵەتی مردن كە پێنجی لە سلێمانییە و یەك لە هەولێر و یەك لە راپەڕین و یەك لە گەرمیان و یەك لە هەڵەبجە، ئاماری گشتیی تووشبوون بریتییە لە 3539 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 1385 حاڵەت و مردنیش 98 حاڵەت.     
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل