دووبارە زانا هۆڵەندییەكە دەركەوتەوە و پێشبینی بوومەلەرزەی وێرانكەر دەدات.. كەی و لە كوێ؟

:: PM:10:30:13/03/2024 ‌
دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.8 پلەی رێختەر ئیسرائیلی هەژاند، زەنگەكانی مەترسی كارا بوون و هۆشداری دەدەن لە روودانی بوومەلەرزەیەكی وێرانكەر بە گوڕی هەشت پلەی رێختەر بەسەرەوە. 

ماڵپەڕی 24NEWS بڵاوی كردەوە، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.8 پلەی رێختەر ناوچەی "تەبەریا" و چەند شارێكی تری لە باكوری ئیسرائیل هەژاند، دوای ئەمەیش زەنگی ئاگاداركردنەوەی مەترسی لە چەندان ناوچەی دەوروبەر لێدرا و داوای چۆڵكردنی باڵەخانەكانیان لەوانە كرد كە تیایدا نیشتەجێن. 

لای خۆیەوە ماڵپەڕی "والا" لە زاری بەشێك لە دانیشتوانی "دۆڵی ئوردن" كە هاوسنوورە لەگەڵ ئیسرائیل و كاریگەریی  بوومەلەرزەكەی باكوری ئیسرائیلی بەسەرەوە بووە، بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەكە بەراستی هەستمان بە شەپۆلێك دەكرد، دەنگێك دەهات وەك ئەوەی شتێك لە دوورەوە بجولێنێت، دواتر زەوییەكە لەگەڵ كورسییەكە و كەلوپەلەكانی ناو ژوورەكە هەموو تێكڕا دەستیان بە لەرزین كرد. 

جێگەی باسە ئەو بوومەلەرزەی كە باكوری ئیسرائیلی هەژاند و چەقەكەی لە باكوری رۆژهەڵاتی "تەبەریا"وە بووە، لە دووریی 10 میل لە چەقەكەى خەڵك هەستیان بە بوومەلەرزەكە كرد و هەریەك لە دانیشتوانی شارەكانی كتسرین، سەفەد و تەبەریا زۆرترین كاریگەریی بوومەلەرزەكە بەسەریانەوە بووە و هەستیان پێی كردووە، هەرچەندە گوڕەكەیشی كەم بووە. 

رۆژێك پێش بوومەلەرزەكەی ئیسرائیل، زانای هۆڵەندی " فرانك هۆگەربێتس"  كە بە پێشبینییە راستەكانی ناوبانگی دەركردووە، هۆشداری دا لە پێشبینی روودانی زنجیرەیەك بوومەلەرزەی وێرانكەر بە گوڕی هەشت پلەی رێختەر.  ئەم زانایە دیارترین پێشبینی وەدیهاتووشی لەبارەی بوومەلەرزەی وێرانكەر، بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی توركیا و سووریا بوو كە چەند رۆژێك پێش روودانیان پێشبینی كردبوو. 

فرانك هۆگەربێتس هۆشداری دایە شوێنكەوتووانی قوتابخانەكەی كە بوومەلەرزەیەكی وێرانكەر لە نێوان 13 تا 17ی ئەم مانگە روودەدات، ئەمەیش ئاماژەیەكە بەوەی گوڕەكەی لە سەرووی هەشت پلەی رێختەرەوە دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود